من ئەڕەنجێنێ نیگار و وا ڕەقیب دڵشاد ئەکا


بێخ و بنچینەی حەیات و عومری من بەرباد ئەکا


بێستوون ئێستەش کە وەقتێ لالەیی لێ سەوز ئەبێ


باسی خوێنی دیدە و داغی دڵی فەرهاد ئەکا


بولبولی دڵ، وا لە دەوری ڕوومەتی گوڵڕەنگی تۆ


بێ قەرارە، شەو هەتا ڕۆژ ناڵە و فەریاد ئەکا


بێت و گەر ڕوخسار و باڵای ئەو نیگارە دەرکەوێ


گوڵ خەجاڵەتبار ئەبێ و پەست و نیگون شمشاد ئەکا


قەت نەبوو ڕەحمێ بە حاڵی ئەم دڵەم کا کافرە


شاهی من لە خوا نەترسە، زاڵمە و بێداد ئەکا


ئەحمەدی بێچارە بۆ دەرد و موسیبەت مایەوە


دڵبەری بێ ڕەحمی ئەو، سەیر و سەفای بەغداد ئەکا

0 کۆمێنت

دۆستی هێژا کۆمێنتێک بنووسە!