خۆشەویستەکەم! ئارامی گیانم!
بینایی چاوم! هیوای ژیانم!
چیتە بۆ وەها کەوتووی بە قینا؟
تەنیا جێت هێشتووم لە چۆڵی ژینا...
یاران هەر ئاوا پەیمان شکێنن؟
هەروا بێ قسەو وا بێ بەڵێنن؟
یا هەر تۆ؟ هاوار تۆش لە بەختی من
ڕاستی و پەیمانت لێ بۆتە دوژمن
شەوێ بە یادی ژینی ڕابردوو،
بە یادی گوڵی عومری بابردوو،
سەرێ بکێشە هەوارگەی وێران!
کە تاریک ترە لە دیدەی کوێران...
بزانە مەستی شەرابی چاوت،
گیرۆدەی داوی ئەگریجەی خاوت،
کۆس کەوتووەکەی کۆنە هاودەمت،
چۆن بۆتە یاری دێرینی خەمت!
چۆن ماری دووریت تەزاندوویەتی!
ئازار و دەردت ڕزاندوویەتی!
لە جێی تۆ خەمی گرتۆتە باوەش!
زاری و بێخەوی بوونە برابەش!
نا نا گیانە بە قسەم نەکەی!
ئەگەر مردیشم سەرم لێ نەدەی!
نە وەکا پرتەو بۆڵەی ویژدانت،
لێتی تاڵ بکا ماوەی ژیانت.
تۆ بژی بۆ خۆت بێخەم و بێباک،
منیش ڕەنجەڕۆ بۆت ئەچمە ژیر خاک!
یەکەم "دڵدار" نیم بەم جۆرە بمرێ...
تۆش یەکەم "یار" نیت ئەم ڕێگە بگرێ.

0 کۆمێنت

دۆستی هێژا کۆمێنتێک بنووسە!