لە باغان ئاهـ و ناڵین دێ، دەڵێن شای نێو گوڵان ڕۆیی
لە مەیخانان سەدای شین دێ، کەوا پیری موغان ڕۆیی

دەڵێی دەوری قەمەر، سەیری فەلەک میزانی گۆڕاوە
کەوا گوڵ زەرد بوو، سونبول تێک ‌‌چوو، ڕەنگی ئەرخەوان ڕۆیی

لەبەر چاوی جیهان‌‌ بینم جیهان تاریک‌ بوو نەمزانی
نە نووری چاوەکەم چوو، نە خورشیدی جیهان ڕۆیی

لە دووری تۆوە سـوور بوو چـاوەکەم بەو گریە مەعلوومە
شەفەق دێ، کەوکەبیش هەڵدێ، کە مێهری خاوەران ڕۆیی

دەمێکی هـات بەچاوی سـورمەسا، یەعنـی: وەفادارم
کە جەرگی سورمەیی کردم بە سیحری جاویدان ڕۆئی


سـەحەر مەســـتانە هات بولبول بە شادی بۆ تەوافی گوڵ
کە دی باغ بێ گوڵە، داغ بوو، بە سەد ئاهـ و فوغان ڕۆیی

مەڵێن بولبول مەناڵێنە کەوا گوڵ گوڵشەنی چۆڵ کرد
دڵ ‌ئـارامـی نەمـــا چــبکا؟ کـە ئــارامـی دڵان ڕۆیی

قیامـەت بۆ دڵان هەسـتا کە چـاوی مەســتی وەرگێڕا
مەگەر ئازوردە بوو ساقی لە بەزمی مەیکەشان ڕۆیی؟

چ شـــینێکە؟ چ هـــاوارە لە نێو حەلقـەی مـــوریدان ‌دا
مەگەر خواجەی سەمەرقەندی لە نێو ساحیب ‌دڵان ڕۆیی؟

چ ئافەت کەوتە بەرچاوم کەوا چوو نوری بیناییم
مەگەر شاهی بوخارایی لە قەسری عاریفان ڕۆیی؟

بە ناڵەی دڵ شیفام نایێ درێغ بۆ مەرهەمی جەرگم
لە زەنگـی کاروان چ بکـەم، دەلیلــی کـاروان ڕۆیی؟

خـرابوو خانەقا بێ شێخ و شەوقی تالیبان، ســەد حەیف!
چەمەن وێران بوو، نەغمەی بولبولان چوو، باغەبان ڕۆیی

بە ناڵەی بولبول و قومری وەفایی بۆیە هەر دەگریم
گـوڵێکـی ســەروبـاڵام بـوو بە تاراجـی خـەزان ڕۆیی

0 کۆمێنت

دۆستی هێژا کۆمێنتێک بنووسە!