چۆن بڵێم

چۆن بڵێم چەندە بە تاسم بۆ شەوێ
ئاسمان مانگی لە داوێن داکەوێ

بێم و دوور لە چاوی پیسی دوژمنان
جارێ تر چاوم بە چاوانت کەوێ

چۆن بڵێم هەر شێتەکەی جارانتم
چۆن بڵێم هێشتاکوو سەر گەردانتم

چۆن بڵێم وەک بەردی سەر ساجی تەنوور
لە هەموو بارێکەوە بریانتم

خۆش ئەسووتێنی بە ئیش و دەردەوە
خۆش ئەبرژێنی بە ڕەنگی زەردەوە

هەروەکوو مەجنونی شێت و دەر بە دەر
خۆشم ئەتلێنی بە تۆز و گەردەوە

دیت و ڕادەبری بە لاما پڕ غوروور
لێم ئەشێوێ لە چوار لا ، ڕێ عوبوور

دێم بەیانی ئیشی دڵ کەم ناگەهان
بە نگاهێ ئەمخەیە، شەرمی حوزوور

چۆن بڵێم کەی دێ کە ڕاوێستم لە ڕێت
پێت بڵێم وەختە لە داخت بم بە شێت

کەی ئەبێ قەلبم لە سینگم دا بخەم
مەرگ ئەشێلی کەی لە ژێر پێڵاوی پێت

0 کۆمێنت

دۆستی هێژا کۆمێنتێک بنووسە!