شێعرێکی جوان لە بەڕێز فەرەیدوون موشیری و وەرگێڕانێکی جوانتر لە مامۆستا ناسر حسامی.

هیوادارین کە بە دڵتان بێت.

کووچە

مانگەشەو بێ تۆ لەوێ کووچەوه ڕابووم
که لەگەڵ تۆ کەڕەتێ لێی گوزەرابووم
نه به چاوێکی به سەد چاو
ڕوانیم له تۆ و یادێ لە جێژوانی بەجێماو
شەوقی دیداری ترت وا دەڕژا جامی هەبوونم
لە نوێ ئەمن بوومەوه ئەو شێته کەوا گڕ له دەروونم
باغی سەد بیرەوەری پێدەکەنی
عەتری یادت به هەوادا دەتەنی
هاته بیرم که شەوێ پێکەوه لەم کووچەوه ڕابووین
به پەڕ و باڵی خەیاڵی هەموو سووچێکی گەڕابووین
قەدەرێکیش لە دەم ئاوی سەری ئەو جۆگه وەسابووین
دەتگوت که ئەوا ڕازی جەهان گشتی له نێو چاوی ڕەشت‌دا
شەمعی ڕوانینی منیش‌توابوو بۆ نێو نیگای چاوی گەشت‌دا
شەوی ساماڵ و هەوای ساف و دڵەستێن
گوڵی بەختیاری ئەگەر ئێستێ نەبێ کەنگێ دەپشکوێن؟
هەڕەتی هاتە لە جێژوانی ژیان
لێوی بەختیش لەسەری نیشتۆ بزەی ڕامی زەمان
تۆپەڵی مانگ به خڕی کەوتووه نێو ئاوی شەوی
دەستی ڕۆهێشتبوو دار، که ده‌پاڕاوه له‌وی
شەو و سارا و گوڵ و دار و هەموو بەرد و
هەموو هەرد و هەموو هەرچی بوو له بژوێن
هەموو گوێ‌هەڵخەری ئەو تەیری بە شەوخوێن
که دەیخوێن!
لەپڕێ هاتەوه بیرم که کوتت
وەره ئەم عیشقه وەلانێ
وەره دڵگر مەبه لێم، بەردێ لەسەر ئەم حەزه دانێ
دەمێ بڕوانه له ئەو ئاوه ڕەوانه
ئاو ئاوێنەیی عیشقی مەیه گیانه
تۆ که ئیمڕۆکه نیگاهت به شوێن هەر نیگەهێکا نیگەرانه
سووره لێم ڕوونه سبەی تەیری دڵت ڕامی دەسی چەنده کەسانه
تا فەرامۆشی بکەی بەینێ له ئەم شاره سەفەر که
وەره له من و له وەها عیشقێ کەسم سەرفی‌نەزەر که!
وتم ئاخر گوڵەکەم تەرکی ئەتۆ کەنگێ دەزانم؟
سەفەر و دووری له تۆ کەنگێ دەتوانم؟
نه دەزانم! نه دەتوانم! نه هەیه تاب و تەوانم!
کۆتری دڵ ڕۆژی هەوەڵ ڕوو به هەوارت که فڕی
ئیدی هەر لەو دەمەوه پەردەیی ویستمی دڕی
هاته گوێسوانەکەت و گرتی مزڵ
له هەموو بەرد و پلارت نه‌بوو سڵ
دیسانەکه دەمگوت چ نییه
تۆ هەر ئەو ڕاوچی بە قەمچی و منیش مامزی دەشتم
ڕەنجی ئەم کەژه لە سۆنگی تۆ هەرچی که بوو چەشتم و چەشتم
ڕامی تۆم داغی تۆ ها له مل و گەردن و پشتم
نەبوو هیچ لایه هەڵێم
دەبوو هەر پێتی بڵێم
ئەمن و تەرکی ئەوین؟ حاشا بزانم!
سەفەر و دووری لە تۆ؟ هەر نه دەتوانم! نه دەزانم!
نه هەیه تاب و تەوانم!
تاقه فرمێسکی گەڵای داری له جۆیبار ڕژا خوار
مەلی شەو دای له شەقەی باڵ و بەدەم ناڵەیی تاڵ کردی به هاوار
گوڵه‌ئەسرینە لە چاوت دەخزی
لێوی مانگیش بەبزه و بزەی دزی
هاته بیرم لەوەلا تۆ کپ و مات
ئیدی هیچ جوابی وەرامێ نەدەهات
لێوی سەوزی وشەکان چووبوو لە گۆ
سا منیش هێمن و ئارام و لەسەرخۆ
دەخزیم لە ناو تەپ و مژی تاڵی خەیاڵ
نه‌وە سڵ بم، نەوه ڕاکەم، پووک و بێ‌ڕووح و بەتاڵ
ڕۆیم ئەمما به چ حاڵێکی لەوێ کووچەوه ڕابووم؟
هەر ئەوێ کووچه دەگەڵ تۆ کەڕەتێ لێی گوزەرا بووم!

0 کۆمێنت

دۆستی هێژا کۆمێنتێک بنووسە!