یادێک لا مامۆستای خوالێخۆشبوو، مامۆستا جەلالی مەڵەکشا.



ئێوارەی غەریبستان



ئێواران خەم دێت و له دەرکه دەدا.
له پەنجەرەوە هەڵدێم.
دەڕۆم خۆم له نێو شوشەی بادەدا بشارمەوا!
که چی دەبینم خەم پێش له من سەر کورسیی بەرامبەرم دانیشتووه و چەمەڕایه!
دەست له ملم دەکا و ئەڵێ: دڵنیا به، من وەک شادی بێ وەفا نیم!
هەر له یەکم رۆژی ژیانتەوه لەگەڵتا بوومه و هەتا دوارۆژ به جێت ناهێڵم!
هەڵدەستێ و رۆ دەچێتە نێو شووشەی بادەکەوه.
دەیخۆمەوه و تک تک له چاوەکانمەوه دادەچۆڕێ و دیسان دەگەڕێتەوه لام و بەرامبەرم دادەنیشێ.
ئیواران دڵم پڕ خورپەتر و چکۆلەتر له دڵی پەڕەسێلکه کۆچەرییەکانه.
شەقامه قەرەباڵغەکانی هەولێر پڕن له تەنیایی و "مەچکو"ش تەژی له ریا و قسەی پشتەملەیه؟
ئێواران نازانم سەرم بۆ کام شوێن هەڵبگرم، نەختێ لەم غەریبستانه دوورم بکاتەوه!
مەیخانەکانیش لێوالێوی خەم و فرمیسکن.
ئێواران هەموو غەریبەکان دێن و له بەرامبەر شێخی بادەدا پرچ و قژی خەمه دریژ و پرش و بڵاوەکانیان دەکەنەوه و کوورەی زیکرێیکی پڕ له جەزم و حال دەبستن.
ئێواران، سواری ئەسپێکی تیژپا دەبم و به قاچاخەرێیەکانا له سنووره دەستکردەکان دەپەڕێمەوه و لەپڕ باوش خوشەویستەکانمدا دەکەم و پڕمەی گریان بەر بێنگم لێ دەگرێ.
ئەگەر "ئیسماعیلی بەرزنجی" جلوەی ئەسپەکه نەگرێ و دەنگم نەدا ...
ئاخ! ئاخ ئیسماعیلی بررزنجی! ...
ئەسپەکه سڵ دەکا و دەمگلێنی و دەبینم:
له باغچەی مەیخانەیکدا دانیشتووم و گەیشتوومه سنووری دوایین پێک!

جەلال مەڵەکشا (سنه)

0 کۆمێنت

دۆستی هێژا کۆمێنتێک بنووسە!