« ئەم شارەم لەبیر نییە »

لەبیرم نییە چ باڵندەیەک فریوی دام و هاتم بۆ ئەم شارە
لە بیرم نییە چ پاسەوانێک لە سەر دیوارەکانەوە بانگی کردم
لە بیرم نییە چ زنجیرێک، چ کۆتێک، وەها
زێڕین و قەشەنگ بوو، ئەم زیندانەی لا خۆشەویست کردم ... 
من رێگای ئەم شارەم لەبیر نییە ...
لەبیرمە بۆ مردن لە ژێر سێبەری درەختێکدا هاتم ...
بەڵام ئێستا ناوی هیچ درەختێکم لەبیر نییە ...
بۆ مردن لەنزیک بۆنی گوڵێکەوە هاتم ...
بەڵام ئەمڕۆ بۆنی هیچ گوڵێک
لە خیاڵمدا نەماوە، ڕەنگی هیچ خونچەیەکم لەیاد نییە.

لە تۆ دەپرسم ئەی ڕاگوزەر وەک با... ئەی غەمگین وەکوو ئاسمان
ئەوە تەنیا منم کە نازانم بۆ هاتووم بۆ ئەم شارە
یان تۆش نازانی كە ئێمە چین و چ چیزەین و چ کارە
لەبیرم نییە چ ئیمپراتۆریەتێکی سپی،
کە پڕ بوو لە درەختی ڕەش، لە کۆتری
سیا وەکو قەتران، لە ماسی سەرشار بە سۆزی ئاو... لێرە حاکم بوون...
لە بیرم نییە چ بایەک تۆوی لە کێڵگە تاریکەکانەوە فڕاند و
منی کرد بە باغەوانێك کە تەنیا بولبول بۆ مردن دەهێنم...
لە بیرم نییە بۆ بووم بە جووتیار، بۆ پووچی دەکێڵم، بۆ وشکی دەچێنم.

لە بیرم نییە یەکەم جار لە دەروازەی کێم دا
یەکەم شەو لە ژووری چ میوانسەرایەکدا کەوتم.
یاتاغی چ کاروانچییەکم دابەخۆمدا،
لە دەنگی چ بولبولێک ڕامام، بە داڕووی چ عەتارێک خەوتم.
لەبیرم نییە بۆ لە شۆڕشەکاندا بەشدار بووم،
بۆ تەقەم لە خائینان کرد...
لەبیرم نییە بۆ کتێبی وەها گەورەم نووسی...
بۆ باغی وەها پێچاوپێچم دروستکرد...
بۆ بەدەستی ڕووت ئاگرم ڕواند، بۆ خوم بەژەهر مەست کرد؟
لە بیرم نییە بۆ بووم بە پادشاهی
شێعر، بۆ چووم بۆ ڕاوشکاری هەڵبەست،
بۆ ئەم کوچانەم وا خۆش ویست، بۆ نۆێژم لێرەدا
دابەست، بۆ بام لێرەدا هەڵچنی، بۆ شەرابم
لە خەزنە تاریکەکان دەرهێنا، بۆ دڵی خۆم فریودا... 
بۆ لێرە نەڕۆیشتم، 
بۆ وازم لەم شارە نەهێنا؟.

" بەختیار عەلی "
 

0 کۆمێنت

دۆستی هێژا کۆمێنتێک بنووسە!